لەگەڵ رەنج؛ زیاتر لە 250 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن
حکومەت بڕیاریداوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و خەڵکی کەمدەرامەت دروست بکات، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، زەوی بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە، بەڵام وەبەرهێنەران بەو نرخەی بۆ دروستکردنی یەکەکان دانراوە، رازی نین و ئامادە نین بەو نرخە یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکەن.
بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستانیش حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانێت و پێیوایە، "کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دەستی سەرۆکی حکومەتدایە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا بڕیاریدا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێن و بدرێنە خەڵکی کرێنشین و کەمدەرامەت. بڕیارە ئەم یەکانەی نیشتەجێبوون لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان و لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دروستبکرێن.
دواتر لە 8ـی ئابی 2023 بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە رێگەی ئۆنلاینەوە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیێندرا، کە لە قۆناخی یەکەمیدا زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونن.
رۆژی 28-2-2023، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج راگەیاند، "ژمارەی کرێنشینان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 250 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن، کە نزیکەی 25٪ـی دانیشتووان دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 9ی حوزەیرانی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، محەممەد جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان، میران کامیل، وەبەرهێنەر، دڵشاد عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیایەكی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و چەندین هاونیشتمانیی کرێنشین، چارەنووسی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و خەڵکی کەمدەرامەت، کێشەکانی کرێنشینان و رێگەکانی چارەسەرکردنی تاوتوێکرا.
یەکێک لە کرێنشینان باس لە گوزەرانی سەختی کرێنشینان دەکات و دەڵێت، "بەڵێن دەدەن و هیچ ناکرێت. رۆژ بە رۆژ کرێچی ژیانی قۆرس دەبێت، مووچە نەماوە، ژیان نەماوە. ئەگەر کەسێک نەخۆشێک یان کەم ئەندامێکی هەبێت، دوو سێ هێندە ژیانی سەختترە، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین ئاوڕێکمان لێ بداتەوە."
کەسێکی دیکە دەڵێت، خۆی و سێ لە کوڕەکانی کڕینشینن و بە تەواوەتی رەشبینە بەرامبەر دۆخی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت، هیچ هیوایەکی بە پڕۆژەکان نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینەکان لە هەرێمی کوردستان: "لەبەر ئەوەی چەندین جار بەڵێن دراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە."
کرێنشینێکی دیکە دەڵێت، 13 ساڵە کرێنشینە، چەندین جار فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و خەڵکی کەمداهاتی پڕکردووەتەوە، بەڵام تا ئیستا سوودمەند نەبووە.
یەکێک لە کرێنشینەکان پێشمەرگەیە و گوتی، 31 ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەیە و سێ منداڵی هەیە، بەڵام تائێستاش خانووی خۆی نییە. باس لەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە دوو مانگ کرێی خانوو بدات، خاوەن ماڵەکە داوای لێکردووە خانووەکەی بۆ چۆڵبکات.
کرێنشینیکی دیکە، کرێچیتی وەک "مردن" پێناسە دەکات و دەڵێت، "حەزم لە سەری مانگ نییە، من کرێچیم، کرێکارم و مووچەشم نییە. چەند جارێک لەگەڵ خاوەن خانوو کێشەمان دروستبووە، کاک بەرهەمم (سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان) هێناوەتە سەر خەت، کێشەکەی بۆ چارەسەر کردووم. لە ساڵێکدا پێنج خانوو دەکەم، منداڵەکانمان لە ساڵێکدا پێنج قوتابخانە دەگوڕنەوە. ئەگەر ئارەزوویان لێبێت، بە ئاسانی دەدەنە خەڵک."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی باس لەوە دەکات کە دەبێ حکومەت ساڵانە پلانێکی تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە پێی گەشەی دانیشتووان و کۆمەڵێک پێوەری دیکە ئامادە بکات و بە پێی فۆرم لەسەر هاووڵاتیان دابەش بکات.
عەزیز سەعید رایگەیاند، لە کۆی ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی تائێستا لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، نرخی زیاتر لە 30 هەزار یەکەیان لە 50 هەزار دۆلار کەمترە، کە خەڵکی کەمداهاتیش توانیویەتی سوودی لێ ببینێت.
عەزیز سەعید بەشێکی کێشەی کەمبوونی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ وەستاندنی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دەڵێت، لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ساڵی 2020، بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە بڕیار دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون راگیرا، لە ساڵی 2020دا دووبارە بیر لەوە کرا کە یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکرێن.
دەشڵێت، دوای کردنەوەی دەرگەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بڕیارێکی دیکە دەرکرا کە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کرێنشین و کەمداهات دروست بکرێت و جەختی کردەوە، "ئێمە لە یەکەم رۆژەوە کارێکی جیدیمان لەسەر ئەو بابەتە کرد، زەویمان دابین کردووە، وەبەرهێنەریشمان دابین کرد، زەوییەکەش شوێنێکی زۆر باشە."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی باس لەوە دەکات، وەبەرهێنەران بەو نرخەی بۆ دروستکردنی یەکەکان دانراوە، رازی نین و دەڵێت، هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادە نییە بە نرخی 250 دۆلار بۆ یەک مەتری دووجا و بە قیستی ماوەدرێژی 10-15 ساڵ یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات، لەبەر ئەوەی پێیانوایە هیچ قازانجێکیان نابێت.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2006ەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دروستکراون، کە زیاتر لە 105 هەزار شوقە، زیاتر لە 92 هەزار خانوو و نزیکەی 17 هەزار ڤێلان. بەڵام قەیرانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان هەر ماوە و چارەسەر نەبووە.
2 окт 2024