دەردەشا (دائولملوك) چییە و چۆن چارەسەردەکرێت؟
...
...
...
..
..
نەخۆشی پادشایان یاخود دەردەشا جۆرێكە لە جۆرەكانی هەوكردنی جومگەكان.
دەبێتەهۆی نۆرەی ماوە ماوەی ئازار و هەڵاوسان و ڕەقبوونی جومگە تووشبووەكە.
بە تێپەڕبونی كات و ئەگەر چارەسەر نەكرێ ئەم نۆرانە دووپاتدەبنەوە و زیانی هەمیشەیی لە جومگە تووشبوەكە دەدەن.
هەروەک ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن زیاترە لە نخۆشانی دەردەشادا.
جومگەی پەنجە گەورە لە هەموو جومگەكانی دیکە زیاتر تووشدەبێت. بەڵام دەكرێ جومگەكانی دیکەی وەك قولەپێ و ئەژنۆ و هەر جومگەیەكی دیکەی لەشیش تووش ببن.
هۆیەكەی:
هۆی ئەم نەخۆشییە بەرزبوونەوەی ئاستی ترشی یوریك (یوریک ئەسید)ە لە خوێندا. بەڵام هەندێ كەس لەگەڵ ئەوەی ئاستی ترشی یوریكیشیان بەرزە، تووشی دائولملوك نابن، كەچی هەندێكی تر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئەو ترشەوە لە خوێنیاندا كریستاڵی ڕەق لە جومگەكانیاندا درووست دەبێت و ئازارێكی زۆریان دەدات.
هەندێک فاكتەر ڕێگا خۆشدەكەن بۆ تووشبون بەم نەخۆشییە، لەوانەش: لایەنی بۆماوەیی و ناڕێکی هەندێک ئەنزیم کە لە هەندێک خێزاندا هەیە، قەڵەوی، زیادەڕەویكردن لە خواردنەوەی كحولی و گۆشت و ماسیدا (هەر بۆیەش پێی دەوترێت نەخۆشی پاشاكان). ئەسپرین و دەرمانە پزیشكییە میزپێكەرەكانیش ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەكەن.
نیشانەكانی:
نۆرەی شەوانەی ئازار و سووربوونەوە و هەڵاوسان و ڕەقبوونی جومگەكان كە لەوانەیە چەند ڕۆژ و هەفتە بخایەنێت بەرلەوەی لە چەند مانگ یا ساڵی داهاتوودا دوپات ببێتەوە.
دەستنیشانكردن:
دوای هەندێک پرسیار، پزیشک پشكنینی سەرجێگا بۆ جومگەكەت دەكات و حاڵەتەکە دەناسێتەوە. ئەگەر پێویست بوو نموونەیەك لە شلەی جومگەكەت وەردەگرێت بۆ زانینی ئاستی ترشی یوریك تێیدا لەڕیگەی مایکرۆسکۆپەوە. لەوانەیە لەڕێگای شیكاری مایكرۆسكۆپیی خوێنتەوە، بۆ ئاستی ترشی یوریكی خوێنیشت بگەڕێ.
چارەسەر:
بۆ وەستاندنی نۆرە ئازارەكە، پزیشک دەرمانی دژە هەوکردنت پێدەدات، بژاردەی جۆری دەرمانەکە باپێی باری تەندروستیت دەبێت و هەمان دەرمان نییە بۆ هەموو خەڵکی. لەگەڵ كەمبوونەوەی ئازارەكەدا پزیشک ژەمی دەرمانەكەت لێ كەمدەكاتەوە. ئەگەر بەشێوازی زانستیی پزیشکدەرمانەكان بەكاربهێنیت، لە ماوەیەکی کورتدا نۆرەی ئازار و هەوکردنی جومگەکە دەوەستێنرێت.
جگە لە چارەسەری ئازار، پزیشک چارەسەری دیکەت دەداتێ بۆ ڕێكخستنی ئاستی ترشی یوریكی خوێنت.
جگە لەمانە، ئامۆژگاری تووشبووان دەكەین خواردنیان هەمەڕەنگ و پڕ ڤیتامین بكەن و دوور بكەنەوە لە زۆر خواردنی گۆشتی سوور و ماسی و خواردنەوەی كحولی (بەتایبەتی بیرە) و شەکری دەستکرد. هەروەها دەبێت كێشت ڕێكبخەیت و دور بكەویتەوە لە قەڵەوی.
……..
د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات
22 дек 2021